بەڕێز پ.ی.د. ئالان فەرەیدون سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سەردانی کەمپی پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە و کۆلێژی زانستە پڕاکتیکیەکانی هەڵەبجەی کرد

Post date: Jul 01, 2019 7:24:18 AM

ئەمڕۆ یەکشەممە بەرواری ۲۸/۱٠/۲٠۱۸ بەڕێز پ.ی.د. ئالان فەرەیدون سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سەردانی کەمپی پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە و کۆلێژی زانستە پڕاکتیکیەکانی هەڵەبجەی کرد و لەلایەن ڕاگرایەتی پەیمانگا و کۆلێژ و مامۆستا و فەرمەنبەران و خوێنکارانەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا. پاشان لە کۆبونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ ڕاگرایەتی و مامۆستایاندا، بەڕێز د. کارزان عبداللە محمد بەخێرهاتنی سەرۆکی زانکۆی کرد و سوپاسی پشتیوانی و بەدەمەوەهاتنی بەردەوامی بەڕێزیانی کرد بۆ سەرجەم ئەو کێشەو گرفتانەی کە ڕوبەڕوی کەمپی زانکۆ لە هەڵەبجە دەبنەوە.

دواتر بەڕێز سەرۆکی زانکۆ لە ووتەیەکدا پیرۆزبایی لە ڕاگری نوێی کۆلێژ و پەیمانگا بەڕێز د. کارزان عبداللە محمد کرد و پشتیوانی خۆی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی بۆ دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا.

پاشان بەڕێز سەرۆکی زانکۆ تیشکی خستە سەر پلانی فراوانی زانکۆ بۆ زیاتر گەشەسەندن و پێشخستنی زانکۆ کە لەو چوارچێوەیەشدا کەمپی هەڵەبجەی زانکۆ گرنگی و بایەخی زۆری پێدراوە و پلانی کورتخایەن و دور مەودای زانکۆی باسکرد بۆ ئامادەبوان بە مەبەستی فراوانکردن و زیاتر پێشخستنی کەمپی زانکۆ لە هەڵەبجە و بۆ ئەو مەبەستەش پلانی گونجاو دانراوە و لەداهاتودا دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت.

دواتر بەڕێز سەرۆکی زانکۆ گوێبیستی ووتە و پێشنیار و داواکاری ئەنجومەن و مامۆستا و فەرمانبەران بو و بەڵێنی چارەسەری کێشە و گیروگرفتەکانی کەمپی هەڵەبجەی زانکۆی دا و لەکۆتایی سەردانەکەشیدا چەند بەش و هۆبەیەکی کۆلێژ و پەیمانگای بەسەرکردەوە و کۆتایی بەسەردانەکەی هێنا.